شنۆ هه‌ولێری: ئه‌وكاتی كچێكی هه‌ژاری ئه‌و هه‌ولێره‌ بووم، روبه‌روی ته‌شهیر و ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌بوو

G.M.K Team

G.M.K Team
175.jpg





دیمانه‌: فه‌ره‌یدون بێوار

پرسیار: له‌ ماوه‌ی ساڵه‌كانی 2000 تا 2007 یه‌كێك بوی له‌ بێژه‌ر و پێشكه‌شه‌ دیار و سه‌ركه‌وتووه‌كان، كه‌چی له‌ پڕ دیار نه‌مایت، بۆچی؟

شنۆ هه‌ولێری: كاتێك من بێژه‌ر بووم ته‌نیا دوو بێژه‌ر هه‌بوو، ئه‌وان زیاتر سیاسی بوون، به‌ڵام من به‌بێژه‌ریی ته‌رفیهی ده‌كه‌وتم، بۆیه‌ خه‌ڵكی زێتر منیان ناسی. ئه‌وكات كۆمه‌ڵێك كه‌س هاوكار و پشتیوانی من بوون، كه‌سی به‌ كاریان زۆر خۆشده‌ویست، به‌ڵام دواتر كه‌ گوڵان تیڤی بووه‌ كه‌ناڵی زاگرۆس، به‌داخه‌وه‌ كه‌وته‌ ده‌ست هه‌ندێك كه‌س ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌یان به‌ كار ده‌هێنا. خه‌ڵكی به‌ ئیش و شارستانیان خۆش نه‌ده‌ویست. خه‌ڵكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنا و پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیان لێ خه‌رج ده‌كرد، ئیدی له‌ناكاو ون ده‌بوو.

دوای ئه‌وه‌ به‌شی یاسام ته‌واو كرد، ئیدی ئه‌و رووحیه‌ته‌ی كاركردنم نه‌ما به‌وجۆره‌. چه‌ند جارێك داوای به‌رنامه‌ی دیالۆگی ئافره‌تانه‌م كرد، به‌ڵام هیچیان به‌ده‌ممه‌وه‌ نه‌هاتن، بۆیه‌ بڕیارمدا وازبهێنم.

پرسیار: تۆ پێتوایه‌ ده‌زگا ئێعلامییه‌كانی ئێمه‌ هێنده‌ی به‌ دوای كه‌سی مشه‌خۆر و ده‌سته‌مۆ و به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌گه‌ڕێن، هێنده‌ مه‌به‌ستیان كه‌سی كارا و پسپۆر و خزمه‌تكردن نییه‌؟

شنۆ هه‌ولێری: ئه‌وه‌ شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و پێویست ناكات من باسی لێوه‌ لێبكه‌م، چونكه‌ رۆژانه‌ گوێبستی و دیتنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌بین.

پرسیار: ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گوێ له‌ میدیا ناگرێت و بڕوای پێنییه‌، یاخود میدیای كوردی خۆی میسداقییه‌تی له‌ده‌ستداوه‌ و كاریگه‌ری نییه‌؟

شنۆ هه‌ولێری: راسته‌ لێره‌ هه‌مووشته‌كان له‌ ده‌ست ده‌سته‌ڵاتییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌كه‌ین، به‌ گشتی میدیا میسداقییه‌تی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌. بۆ نموونه‌ كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئارتی، كه‌ به‌ حیساب ئه‌هلییه‌ و پرۆفیشناڵه‌، كه‌چی هیچی فه‌رق نییه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌. ته‌نیا شته‌ خراپه‌كان ده‌بینێت و باشه‌كان نابینێت. به‌دبه‌ختی تاكی كورد له‌وه‌دایه‌ نازانێ باوه‌ڕ به‌ كێ بكات؟ نازانێ كام رۆژنامه‌ بخوێنێته‌وه‌؟ كام كه‌ناڵ ته‌ماشا بكات، گوێ له‌كام رادیۆ بگرێت؟ هه‌مووی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆی كار ده‌كات.

بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌گه‌ڵ ململانێی حزیه‌كان، میدیاش میسداقییه‌تی خۆی له‌ ده‌ستدا و بووه‌ ده‌سته‌مۆی ئه‌وان.

پرسیار: ده‌وترێت یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی وازهێنانت پێوه‌ندی به‌ “مێینه‌”بوونته‌وه‌ هه‌بوو، وه‌ك ده‌وترێت ئافره‌تی میدیاكار له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا رووبه‌رووی ته‌شهیر و ده‌ستدرێژی سیكسی و …ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

شنۆ هه‌ولێری: لێت ناشارمه‌وه‌ كاتێك سه‌ره‌تا كارم ده‌كرد ئه‌وكات پێویستیم به‌ پاره‌ بوو، چونكه‌ ده‌مویست خوێنده‌نه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م. ئه‌وكاتی كچێكی هه‌ژاری ئه‌و هه‌ولێره‌ بووم، رووبه‌رووی ئه‌و شتانه‌ ده‌بوومه‌وه‌، به‌ڵام من چه‌ندین شوێن و ده‌زگام گۆڕیوه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ومه‌ نێوده‌ستتیان.

من خۆشه‌ویستیم بۆ كاره‌كه‌م هه‌بوو، ته‌نانه‌ت 6مانگ له‌ گوڵان تیڤی به‌بێ موچه‌ كارم كرد، به‌ جل و به‌رگی كوردی خۆمه‌وه‌ به‌رنامه‌م پێشكه‌ش ده‌كرد، به‌ زكی برسی، كچێكی هه‌ژاری ئه‌م شاره‌ بووم، به‌ڵام ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ پێشوو باسم لێوه‌ركردن بوونه‌ هۆكاری وازهێنانم ده‌نا هیچ شتێكی تر له‌ گۆڕێ نه‌بووه‌.

پرسیار: ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ت لێده‌گیرێت كه‌ تۆ به‌هۆی میدیاوه‌ بوویته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رز و پۆستی حزبی، كه‌چی دواتر میدیات كردۆته‌ قوربانی پۆسته‌ حزبیه‌كه‌ت، وه‌ڵامت چییه‌؟

شنۆ هه‌ولێری: من پله‌ به‌ پله‌ پێگه‌یشتوومه‌، پێشتریش له‌ رێكخراوه‌كانی قوتابیان و لاوان كارم كردووه‌. ئه‌وكاتیشی كه‌ له‌ زاگرۆس بووم پێیانم وت: من پارێزه‌رم و كه‌سایه‌تییه‌كی ترم بۆ دروست بووه‌. به‌ڵام كه‌ ئه‌وان به‌ده‌نگ منه‌وه‌ نه‌یه‌ن ئیدی من چۆن ده‌توانم كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م.

ئه‌و پۆسته‌شی كه‌ وه‌رمگرتووه‌ له‌ چاو هه‌ندێك ئافره‌ت هه‌ر هیچ بۆ نه‌كراوه‌، هه‌مووی به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆم به‌ ده‌ستم هێناوه‌ و پله‌ به‌ پله‌ پێشكه‌وتوومه‌ و پله‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌شیان پێمنه‌داوه‌، ته‌حه‌دا ده‌كه‌م یه‌ك به‌رپرسی پارتی له‌ پشت من بێت.

پرسیار: ئایا بڕیاری یه‌كجاره‌كیته‌ كه‌ ناگه‌ڕێیته‌وه‌ ناو راگه‌یاندن؟

شنۆ هه‌ولێری: نه‌خێر، ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ناو راگه‌یاندن.

پرسیار: ده‌وترێت بواری میدیای كوردی وه‌كو سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر، گه‌نده‌ڵی تێكه‌وتووه‌ و له‌ناو گه‌نده‌ڵی خۆیدا ده‌تلێته‌وه‌، رای تۆ له‌وباره‌وه‌ چییه‌؟

شنۆ هه‌ولێری: منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و رایه‌دام.

پرسیار: پرسیارێكی شه‌خسیت لێبكه‌م، كۆمێنتی زۆر له‌سه‌ر وێنه‌كانت ده‌نووسرێت له‌ توڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، ئه‌مه‌ چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه‌؟

شنۆ هه‌ولێری: من زۆر دڵخۆش ده‌كات، هه‌ستده‌كه‌م كاره‌كانم به‌ فیڕۆ نه‌چووه‌ لای خه‌ڵكی ساده‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌كانیش رێزیان نه‌گرت.

شنۆ محه‌مه‌د، ناسراو به‌ شنۆ هه‌ولێری، سه‌اڵی 1983 له‌ دایكبووه‌. ساڵی 2000 هاتۆته‌ نێو دنیاری راگه‌یاند. سه‌ره‌تا له‌ هه‌فته‌نامه‌ی گوڵان كاری كردووه‌. پاشان له‌ ساڵی 2001 چۆته‌ ته‌له‌فیزیۆنی گوڵان و پێشكه‌شكاری دوو به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی بووه‌. دواتر گوڵان تیڤی ده‌بێته‌ كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس و شنۆ تاوه‌كو ساڵی 2007 له‌و كه‌ناڵه‌ ده‌بێت. دواتر بۆ هه‌میشه‌ وه‌كخۆی ده‌ڵێت: وازی له‌ راگه‌یاندن هێناوه‌ و بۆته‌ كادیر له‌ لقی16ی پارتی، ئێستاش هه‌ر له‌وێیه‌. ساڵی 2008 بڕوانامه‌ی له‌ یاسا وه‌رگرتووه‌ و له‌پاڵ كاره‌ حزبیه‌كه‌ی به‌ كاری پارێزه‌ریشه‌وه‌ خه‌ریكه‌.
 
أعلى