سۆرانی ئیبراهیم خەیات كوردساتی لە هەیبەت سوڵتان پەڕاندەوە

G.M.K Team

G.M.K Team
177.jpg



خۆشەویستی خەڵكی هەولێر وایلێكردم كە بڵێم خۆزگە ستۆدیۆیەكمان لە هەولێر دەبوو
زۆرجار بەهۆی بوونی دوو ئیدارەیی و نەبوونی كەناڵێكی سەربەخۆ هونەرمەندان گلەییان لەوە دەكرد، كە لەبەرنامە هونەرییەكانیشدا رەچاوی ناوچەگەرێتی و ئینتمای حزبی دەكرێت، بەتایبەت هونەرمەندانی هەولێر گلەیی ئەوەیان هەبوو كە لەلایەن كەناڵەكانی سلێمانییەوە لەدابەزاندنی كارەكانیان و دیمانە هونەرییەكاندا پشتگوێ دەخرێن، یەكێك لەو كەناڵانەی كە بایەخی بەكولتوور و هونەر داوە كەناڵی كوردساتە، بۆیە زۆرجاریش لەلایەن هونەرمەندانی هەولێرەوە رووبەڕووی رەخنە بۆتەوە، تەنانەت جارێكیان هونەرمەند ئەردەلان بەكر، لەموداخەلەیەكی لەبەرنامەیەكی كوردسات گوتی “كوردسات هەرگیز لەهەیبەت سوڵتان ناپەڕێتەوە”.
دوای ئەو رەخنانە لەكوردسات گیرا، لەهەفتەی رابردوودا سێ بەرنامەی هونەریی بەناوی “شەوی كوردسات” لەهەولێر كرا، ئەو بەرنامەیە كە چەند ساڵێكیشە هەیە، لەلایەن سۆران ئیبراهیم خەیات پێشكەش دەكرێت، سۆران كوڕی هونەرمەند ئیبراهیم خەیاتەو خێزانێكی هونەریی دیارن، سۆران لەساڵی 1975 لەسلێمانی لەدایكبووەو9 ساڵ لەهۆڵەندە ژیاوەو ئێستا كارمەندی كوردسات و قوتابی هونەرەجوانەكانی سلێمانییە لەبەشی مۆسیقا، سۆران لەبارەی بەرنامەكەی دوا و سەرەتا باسی شێوازی كاركردنی بەرنامەكەی كردو گوتی “ئێمە بەرنامەكەمان بەدوو شێوەیە، یەكەم بۆ ئەو كەسانەیە كە بەردەوام كاردەكەن و بەرهەمیان هەیە و ستایلی تایبەتی خۆیان هەیە، دووەمیش بۆ ئەو كەسانەن كە پێگەیەكی دیارییان لەهونەری میللی هەیە، جیا لەمانەش هەوڵدراوە لەهەر بەرنامەیەكدا هونەرمەندێكی گەنج لەبەرنامەكە ئامادە بێت”.
سۆران ئەوەی رەتكردەوە، كە بەرنامەكەیان تەنها بۆ هونەرمەندانی سلێمانی بێت بۆیە گوتی “هەوڵمان داوە هونەرمەندان لەهەموو پارچەكانی تری كوردستان بهێنینە بەرنامەكە، لەرابردووشدا ئەو كارە كراوە، بەپێی تواناش هەوڵدراوە، بەرنامەكان لەچەند شوێنێكی تری دەرەوەی ستۆدیۆ لەشارەكانی تر ئەنجام بدرێت، ئەو بەرنامەیە لەخانەقین پێشكەش كراوە، ئەوجارەش لەهەولێر سێ بەرنامە پێشكەشكراوە، لەبەرنامەماندا هەیە، لەدەڤەری بادینان و تەنانەت لەپارچەكانی تری كوردستانیش بەرنامە بكەن”.
دواتر سۆران باسی لەبەرنامەكەی هەولێر كردو گوتی “دەمێكە بیرۆكەی ئەوەم هەبوو كە بەرنامە لەهەولێر بكەم، چونكە ئەو شارە پریەتی لەهونەرمەندی باش، بۆیە بەهاوكاری لێوژەخان كە خۆی كارمەندی كوردسات و بەئەسڵ كۆییە و لەهەولێر دادەنیشێ و كاك هەڵبەست سەلاح كە خۆتان دەزانن میوزیكژەنێكی دیاری هەولێرە، ئێمە بە یەكەوە توانیمان ئەو بەرنامانەی هەولێر دروست بكەین، زیاتریش ئەو هونەرمەندانەمان بانگ كرد كە دەبنە رووی ئەو شارە”. دواتر سۆران دانی بەوە نا كە بەرنامەكەی لەلایەن هونەرمەندان رووبەڕووی رەخنە بۆتەوە، سۆران گوتی” لەكارەكاندا زۆر دەستخۆشیمان لێكرا و گلەییشمان لێكرا، هونەرمەندانێك هەبوون كە گلەییان دەكرد كە گوایە بانگ نەكراون، خۆتان دەزانن بەرنامەكە كاتژمێر و نیوێك بوو، نەدەكرا لەوە زیاتر بێت، دووەمیش ئەو هونەرمەندانەمان بانگ دەكرد، كە بەو شارەوە ناسراون و لەلای هەموو خەڵك خۆشەویستن”.
دواتر سۆران باسی هەولێری كردو گوتی” لەهەولێر خۆشەویستی و هاوكارییەكی زۆرم بینی، راستە هەولێر لەرووی ئاودانكردنەوە و بینا و شەقام پێشكەوتووە، ئەوە جێگای سەرنجی بیانیەكیشە، بەڵام من زیاتر باسی خەڵكەكە دەكەم، خەڵكی هەولێر زۆر رێزی برادەرایەتی دەگرن، خۆشەویستی خەڵكی هەولێر وایلێكردم كە بڵێم خۆزگە لەهەولێر كوردسات ستۆدیۆیەكی دەبوو، بۆ خۆمان كارمان تێدا دەكرد، بۆ من جیاوازی لەنێوان هەولێر و سلێمانی دا نییە، هەولێر بۆ من سلێمانییە و بەبڕوای من جیاوازیییەكە تەنها جوگرافیایە”.
وەك تێبینی دەكرا، سۆران لەبەرنامەكەیدا زۆر داوای لەمیوانەكانی دەكرد كە حەیران بڵێن، سۆران دەڵێ “من زۆر چێژ لەحەیران وەردەگرم، پێشتریش بەرلەوەی بێمە هەولێر حەزم لەحەیران كردووە، پێموایە فۆرمێكی جوانی گۆرانیگوتنە، دەبێت بایەخی پێبدرێت”.
 
أعلى